لە ساڵیادی تیرۆرکردنی نیاز دەرگەڵەیی بنەماڵەکەی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردووە
لە ساڵیادی کوژرانی نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی، ئەمڕۆ یەکشەممە بنەماڵەکەی بەیاننامەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، ئێمە بە درێژایی یەک ساڵی رابردوو هەوڵی ئێجگار زۆرماندا تا دەسەڵاتی ئەمنی ڕازی بكەین كە ڕاست و دروستی ڕووداوەكە بۆ ڕای گشتی ئاشكرابكەن و چیتر ئەو كەیسە بە شاراوەیی نەمێنێتەوە و ئێمەش وەک بنەماڵە، بەرچاوڕوون بین و بتوانین هەنگاوێک هەڵێنین، بەڵام لەو هەوڵەدا سەركەوتوو نەبووین و بەداخەوە كە دەسەڵاتی ئەمنی و سیاسی ئەم ناوچەیە بە بیانووی جیا جیا كەیسەكەیان شاردەوە و بە هیچ شێوەیەک هیچ جۆرە زانیارییەكیان لێی بڵاونەكردەوە.
دەشڵێن: هەر بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەرپرسێكی باڵا كۆبووینەوە، تەنها داواكاریمان ئەوە بوو كە ئەو كەیسە دیزەبەدەرخۆنە نەكرێت و بڵاوبكرێتەوە، بەرپرسەكە ڕاشكاوانە وتی (ئێمە وەكو لایەنی تر نین كە ئەوەی ڕووبدات بیخەینە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان و سۆشیال میدیا، ئەو كەیسە سیاسییە و ئێوە بۆ ئێمەی جێبێڵن و دڵنیاتان دەكەینەوە كەیسەكە دەیگەیەنینە ئەو شوێنەی كە ئێوەش ئاسودە بكات، ئێمە كارێک ناكەین بەهۆی بڵاوكردنەوەی كەیسێكی لەوجۆرە شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێنینەوە).
