لە سایەی گرژییەکانی ناوچەکە... بەغدا و ئەنقەرە لەسەر پتەوکردنی هەماهەنگی دیپلۆماسی ڕێکدەکەون
فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری کاروباری دەرەوە و، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیان لەسەر "پێویستی هەماهەنگی دیپلۆماسی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە" کردەوە.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە، ئاماژەی بەوەکردووە: "فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی کۆماری تورکیا، هاکان فیدان پێگەیشتووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەمیانی پەیوەندییەکەدا باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە شەڕی بەردەوامی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی هەڵوێستی هەندێک وڵات سەبارەت بەو شەڕە کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، "هەردوولا باسیان لە ئامادەکارییە بەردەوامەکانی کۆنفرانسی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی کردووە، کە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەبچێت".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا جەختیان لە گرنگی ئەم کۆنفرانسە کردووەتەوە لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی خێرای بارودۆخی ناوچەکە و ئەو تەحەددایانەی کە ڕووبەڕووی وڵاتانی ناوچەکە دەبێتەوە. هەروەها جەختیان لەسەر پێویستی بەهێزکردنی هەماهەنگیی دیپلۆماسی له نێوان وڵاتانی ئیسلامی بۆ دابینکردنی سەقامگیری ناوچەکه و پێشگرتن لەتێکچوونی زیاتری دۆخەکه کردەوه .
