لە شاری هەولێر کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخش خەڵات کران
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى خۆبەخشى، لە ڕێورەسمێکدا لە شاری هەولێر خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە کۆمەڵێک لاو و گەنجى خۆبەخش کرا.
لە ڕێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە ڕاوێژکارى سەرۆکى حکومەت بۆ کاروبارى وەرزش و بەڕێوەبەرى گشتیى وەرزش و ژمارەیەکى تر لە بەرپرسانى حزبى و حکومى ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر لەوتارێک، وێڕاى دەست خۆشى لە بەڕێوەبەرایەتى ناوبرا بۆ ڕێکخستنى ڕێورەسمەکە لەم ڕۆژەدا، پیرۆزبایی لە خۆبەخشانى کوردستان بە گشتیى و هەولێرى پایتەخت بە تایبەتى کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ لاوان و گەنجانى خۆبەخش خواست و تەئکیدى لە هەموو پشتیوانى و پاڵپشتیەکیان کردەوە و ئومێدى خواست بەهەمان روحیەتەوە بەردەوامبن و نموونەیان زۆر بێت.
هەروەها تیشکی خستەسەر ئەوەی کە کاری خۆبەخشی لە کۆمەڵگای کوردیدا هەمیشە بوونی هەبووە و پێشەنگ بووە، لەگۆمەڵگاى کوردیشدا کاری خۆبەخشی بنچینەیەکی مێژوویی هەبووە، بۆیە ئەمڕۆش لە ناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ئەو پێشەنگایەتییە دەبینرێت و بۆتە نەریتێک و شانازی پێوە دەکرێت.
