لە مانگی ڕابردوودا نزیکەی چل کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دران
دوێتێ شەممە، 10ـی ئابی 2024، نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، تەنها لە مانگی تەمموزدا ئێران 38 کەسی لەسێدارەداوە.
دەشڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی ئەمساڵ لەسێدارە دراون گەیشتووەتە 345 کەس، لەو ژمارەیەش 15 یان ژنن.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەم ئامارانە جێگەی نیگەرانین و ئەو کارە لە دەرەوەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە، کە زۆربەی کات بە بێ ئاگاداری خێزان و پارێزەرەکانیان سزاکە جێبەجێ دەکەن.
نووسینگەکە ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستادا لەناو زیندانەکان و گۆڕەپانەکان و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چالاکوانان هەڵمەتی ناڕەزایەتییان دەست پێ کردووە بەرامبەر بڕیارەکانی لەسێدارەدان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، کە وەک ئامرازێک بۆ ترساندن لەبەرامبەر سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن-ژیان-ئازادیی، بەکاردەهێنرێت.
