لە هەولێر پێشانگای کار و دەستپێکردنی پۆرتاڵی هەلی کار کرایەوە
لە شاری هەولێر پێشانگای کار و دەستپێکردنی "پۆرتاڵی هەلی کار" کرایەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەبەشداری ژمارەیەکى زۆر لە خاوەن کۆمپانیا و بازرگان، لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بە بەشدارى نزیکەی 50 کۆمپانیا، پێشانگای کار و دەستپێکردنی "پۆرتاڵی هەلی کار"ى کردەوە.
شایەنی باسە، ڕاگەیاندنی "پۆرتاڵی کار" کە ماڵپەڕێکە بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان چەندان هەلی کار لە کەرتی تایبەت لەسەر بنەمای ئەزموون و شارەزایی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت، پرۆسەیەکە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ خاوەنکاران جێبەجێ دەکرێت، تا هەلی کاری خۆیانی تێدا ڕابگەیەنن، هەروەها کارخوازانیش بەپێی بوونی ئەزموون و شارەزایی خۆیان دەتوانن لە رێگەی پۆرتاڵەکە کاری دڵخوازی خۆیانی تێیدا بدۆزنەوە، لە پێشانگاکەشدا کارخوازان دەتوانن ڕاستەوخۆ سەردانى کۆمپانیاکان بکەن و لەوێدا تیمێک هەژمارێکى تایبەتی بەخۆڕاییان بۆ دروست دەکەن، بۆ ئەوەی بەدواى کار بۆخۆیان بگەڕێن.
