لەهەولێر بەنگلادیشەک دەستگیرکرا کە گرتەی ئەشکەنجەدانی بۆ خێزانی ناردبوو
پۆلیسی هەولێر رایگەیاندووە، دوای ئەوەی هەواڵمان پێگەیشت سەبارەت بە ڕفاندنی هاووڵاتییەکی بەنگلادیشی لە شاری هەولێر، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، لەئەنجامدا بۆمان دەرکەوت کە ئەمە سیناریۆی خۆیان بووە، بەوەی کە یەکێک لەو هاووڵاتییە بەنگلادیشیانە داوای لە خێزانەکەی کردووە بڕی (12 هەزار دۆلار)ـی بۆ بنێرنەوە بۆ دانەوەی قەرز بە هاوڕێکانی، بەڵام خێزانەکەی ڕازی نەبووە، بۆیە ئەویش هەڵساوە بە دانانی سیناریۆیەک و لەگەڵ هاوڕێیەکیدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی ساختەی تۆمار کردووە کە گوایە ئەشکەنجە دەدرێت و بەبارمتە گیراوە.
پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە راشیگەیاندووە، ئەو کەسە گرتەکەشی ناردووە بۆ خێزانەکەی بۆئەوەی داوا بکەن لەو کەسەی کە بەبارمتەیان گرتووە، تا بڕی پارەکە نەنێرن، ئازاد ناکرێت و دوای لێکۆڵینەوەکان، بۆمان دەرکەوت کە ئەمە سیناریۆیە، بۆیە لەئێستادا خۆی و هاوڕێکانی بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کراون و دراونەتە دادگا.
