مالیکی بۆ نێردەی ڕوسیا: ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بووەتەوە کە پێویستی بە کارکردن و هاریکاری هەیە
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی، ئەمڕۆ چوارشەممە،بۆ میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، پشتڕاستی کردەوە کە بارودۆخی ناوچەکە شاهیدی ئاڵنگاری گەورەیە کە پێویستی بە کارکردن و هاریکاری هەیە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی قەیرانی نوێ.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی مالیکی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: ئێوارەی ئەمڕۆ نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقا میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و شاندی یاوەری کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بۆگدانۆڤ سڵاوی سەرۆک ڤلادیمێر پوتین و سەرکردایەتی ڕوسیای گەیاندە نوری مالیکی، هەروەها خواستی ڕووسیای فیدڕاڵی بۆ پتەوکردنی هاریکارییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا دەڕبڕی".
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جەختی لە - "پەرۆشی عێراق کردەوە بۆ چەسپاندنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاوبەشی لەگەڵ ڕووسیای فیدڕاڵی بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "دۆخی ناوچەکە شایەتحاڵی ئاڵنگارییە گەورەکانە کە پێویستی بە کارکردن و هاوکاری هەیە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی قەیرانی نوێ".
مالیکی "هەڵوێستی پتەوی عێراقی دووپاتکردەوە لەمەڕ پرسی فەلەستین، و پاڵپشتیکردنی بۆ گەلی فەلەستین لە گەیشتن بە خواستەکانیان و بەدەستهێنانی تەواوی مافە ڕەواکانیان".
لە بەرامبەردا بۆگدانۆڤ پێزانینی وڵاتەکەی بۆ پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست دەربڕی، جەختی لە پاڵپشتی ڕووسیای فیدڕاڵ بۆ هەوڵەکانی عێراق بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەی و هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە.
