مالیکی: هێزی عێراق گەرەنتی سەروەرییەکەی دەکات لە بەرامبەر گۆڕانکارییە هەرێمایەتییەکان
نوری مالیكی، ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، عێراق بەدور و پارێزراو نابێت لە جەنگەكانی ئیسرائیل لە ناوچەكە، بۆیە پێویستە پێداچونەوەی خێرا بکرێت بە تەواوی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان تا دڵنیابن لەوەی لە ئاستێکدا بن كە سەروەری وڵات لە هەڕەشە دەرەکییەکان پارێزراوبێت.
نوری مالیکی، ئەمڕۆ یەكشەممە لەمیانەی وتارێکدا بە بۆنەی هاتنی مانگی موحەڕەمەوە ڕایگەیاند، جەنگەکانی ئیسرائیل کە لە کەرتی غەززەوە بۆ لوبنان و پاشان سوریا و دواجار بۆ ئێران هات، عێراق بەدور و پارێزراو نابێت لێی.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە عێراق هاوشێوەی وڵاتانی دراوسێی بەهێزبێت و پێداچونەوەیەکی خێرا بکرێت، كە هەمو دامەزراوە و دەزگا ئەمنییەکان و سەربازییەکان بگرێتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی لە ئاستێکدا بن کە سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی مسۆگەر بکات و سەروەری وڵات لە هەڕەشە دەرەکییەکان بپارێزێت.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە گرنگی زانی عێراق دەوڵەتێکی بەهێز بێت، خاوەنی هەمو ئامرازەکانی بەرگری لە سەروەری و گەلەکەی و پیرۆزییەکانی بێت، ئەوەش نەک لە پێناو شەڕدا، وەک سەردەمی رژێمی بەعس، بەڵکو بۆ پاراستنی سەروەری و ماف و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق.
