مالیکی: هەست بە قەبارەی مەترسی دەکەین پاش ئەو ڕووداوانەی لە غەززە و سووریا ڕوویاندا
نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، کە گەلی عێراق توانای وەستان بەرامبەر بە تیرۆر هەیە وەک چۆن لەگەڵ داعش وەستان و داوای لە هەمووان کرد دژی ئەو کەسانە بوەستنەوە کە یاسا پێشێل دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالیکی لە وتارێکیدا لە بۆنەی نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی (بزووتنەوەی بەشائیری عێراق)دا گوتوویەتی: "ئەمڕۆ ئێمە ئاژاوەیەکی زۆر دەبینین لە جیهاندا و ململانێ لەنێوان وڵاتێک و وڵاتێکی تر و کۆمەڵگایەک و کۆمەڵگایەکی دیکە هەیە و ئێمە هەست بە قەبارەی مەترسییەکانی ئەم ئاژاوە دەکەین بۆ سەر کۆمەڵگاکەمان و وڵاتەکەمان پاش ئەو ڕووداوانەی کە لە کەرتی غەززە و لوبنان و سووریا ڕوویاندا".
نوری مالیکی ئاماژەی بەوەشکرد، "گەلی عێراق هەر چۆن کە لە ڕاپەڕینی جەماوەریدا ڕاپەڕی (1991)، دیسان لەدژی داعش وەستان و ئەوانەی لە پشتیانەوەن وەستان و بە فەتوای دەسەڵاتداری ئایینی (عەلی سیستانی) گەڕانەوە و بە جیهانیان ڕاگەیاند کە گەلی عێراق هێزێکی هەیە کە ئایین و زانای لە پشتەوەیە".
مالیکی لە کۆتایی قسەکانیدا دەشڵێت: "داوا لە هەمووان دەکەم حکومەت و خەڵک و بزووتنەوە و حیزبەکان دژی ئەو کەسانە بوەستنەوە کە یاسا پێشێل دەکەن".
