مالیکی هەوڵی چوارچێوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و پتەوکردنێ هاوکاری لەگەڵ واشنتۆن دووپاتدەکاتەوە
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پێیوایە، عێراق پێویستی بە حکومەتێکی بەهێزە، بۆ ئەوەی بتوانێت چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵات بکات و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەمەریکا پەرەپێبدات.
نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، نووری مالیکی پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کرد و لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق، هەروەها پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە گفتوگۆیان کرد.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، نووری مالیکی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە، هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە نیشتمانییەکان سوورن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز، کە توانای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتی هەبێت، هەروەها بتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمەریکا پەرەپێبدات.
سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا لە کۆبوونەوەکەدا، جەختی لە گرنگی پەرەدان بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق لەچوارچێوەی ڕێککەوتنەکان کردووەتەوە.
لەبەرامبەریشدا، جۆشوا هاریس،هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ویستی وڵاتەکەی بۆ پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا دەربڕی و ئاماژەی بەوەداوە، ئەمەریکا پارێزگاری لە پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای هاوسەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکات، بەبێ ئەوەی لایەنگری لایەنێک لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە بکات.
