مامۆستایان و وانەبێژانی هەرێمی کوردستان پلانیان هەیە بەرەو بەغدا بەڕێ بکەون
مامۆستایان و وانەبێژانی هەرێمی کوردستان پلانیان هەیە بەرەو بەغدا بەڕێ بکەون بۆ داواکردنی مافەکانیان لە حکومەتی عێراق و هەروەها سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکەن.
کارۆخ عەبدولڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایان ئەمرۆ شەممە (25ـی تشرینی دووەمی 2023) بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە "25 مامۆستا لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی چەمچەماڵەوە بۆ بەغدا ڕۆیشتوون و مامۆستایانی هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە ڕۆژی یەکشەممە دەچنە بەغدا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی نەدانی موچەکانیان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، مامۆستایان "چەندین پاسیان بەکرێ گرتووە و ڕۆژی یەکشەممە بەرەو گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا بەرێ دەکەون و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن مافەکانی مامۆستایان بدەن".
نوێنەری مامۆستایان جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردنی دەومەکانیان.
شایەنی باسە، ساڵی نوێی خوێندنی 2023 - 2024 لە هەرێمی کوردستان لە 13ـی ئەیلوول دەستی پێکرد و خوێندنگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە تا ئێستا ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێنەکردووە بەهۆی بەردەوامی بایکۆتی مامۆستایان.
