مانگرتووان بڕیاریاندا لەژێر فشاری هاووڵاتییان کۆتایی بە مان بهێنن
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، مانگرتووان بڕیاریاندا لەژێر فشاری هاووڵاتییاندا مانگرتن هەڵپەسێرن و کۆتایی پێبهێنن.
زانیاری زیاتر...
بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، بەشێک لە مامۆستایانی مانگرتوو و ناڕازی بەرەو شاری هەولێر بەڕێککەوتن بۆ گەیاندنی دەنگیان و بڕیاریان دابوو لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم خۆپشاندان بکەن.
بەڵام لە بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێری پایتەخت و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگریان لێکرا و ئومێد خۆشناو، ئەندامی پارتی و پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەوانان، ڕۆژی یەکشەممە گوتوویەتی: "هەولێر تاقەتی نییە پێشوازی لە میوانی ڕەزاگران بکات و پێشوازی لەو جۆرە کەسانە بکات"، ئەوەش وەک ئاماژە بۆ مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی کە بڕیاربوو درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن و بەرەو هەولێر بڕۆن، بۆ داواکردنی مافەکانیان و چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی مووچەو شایستە داراییەکانیان.
ئەمەش لەکاتێکدا ئەمڕۆ سێشەممە، ماوەی 15 ڕۆژە مامۆستایانی سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە و تەندروستی هەندێکیان خراپە و بەشێکیان ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراوەن بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی تەدروستیان، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن لە خۆپشاندان.
ئەمڕۆ سێشەممەش، کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ، مامۆستایانی مانگرتوو و ناڕازی سلێمانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست بۆ خستنەڕووی کۆمەڵێک لە داواکاریەکانیان، لەهیوای ئەوەی حکومەتی کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت و بەرپرسان لە داوکاری و مافەکانیان بڕوانن، کە سەرەڕای تێپەڕبوونی 15 لە خۆپشاندان حکومەتی هەرێم بێباکانە لە حاڵیان دەڕوانێت، هەروەها حکومەتی هەرێم چەند جارێک مامۆستایانی خۆپشاندەر و مانگرتوو تۆمەتبار کرد بە هاوکاری (پەکەکە) و گرووپە چەکدارەکانی عێراقی.
دواجار ئەمڕۆ سێشەممە، لەژێر فشاری هاوڵاتیان و دوای گەیاندنی چەند مانگرتووێک لە مامۆستایان بۆ نەخۆشخانە بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی تەندروستیان ئەوەش دوای 15 ڕۆژ لە بەردەوامی مانگرتن، مامۆستایان مانیان شکاند.
