ماکرۆن بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی بە ڕێژەی حەوت ملیار و 600 ملیۆن دۆلار زیاد دەکات
سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، بڕیاری دا لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوو بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی بە ڕێژەی حەوت ملیار و 600 ملیۆن دۆلار زیاد بکات.
یەکشەممە 13ـی تەممووزی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە وتارێکیدا بۆ هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە لە سەروبەندی جەژنی نیشتمانی باستیلدا وتی: لە ساڵی 2026 بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی بە ڕێژەی چوار ملیار و 100 ملیۆن دۆلار زیاد دەکات، هەروەها لە ساڵی 2027ـیش سی ملیاری دیکە زیاد دەکات.
ماکرۆن هۆکاری زیادکردنی بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی بۆ هەڕەشەکانی ڕووسیا، چەکی ئەتۆمی، تیرۆریست و هێرشی ئەلیکترۆنی گەڕاندووەتەوە.
سەرۆکی فەرەنسا وتیشی: ئێمە لە خاڵێکی وەرچەرخاندا دەژین. هاوکات ناوبراو ڕەخنەی لە سیاسەتی ئیمپریالیستی و زلهێزەکان گرت کە هەوڵی داگیرکاری دەدەن و جەختیش لە گۆڕینی ئەو بیرۆکەیە کردەوە.
ئاماژەشی دا، ئاشتی لە کیشوەرەکەماندا، هەرگیز ئەوەندە پەیوەست بە بڕیارەکانی ئێستامان نەبووە. گوتیشی: فەرەنسا ڕووبەڕووی ئاڵنگاری زۆر بووەتەوە، بەڵام لەبارەی چارەنووسەکەی هەر خۆی خاوەنی بڕیارە.
ماکرۆن وتیشی: ئەگەر دەتەوێت ترسناک بیت، دەبێت بەهێز بیت. هاوکات هانی وڵاتانی ئەورووپا دەدات بۆ بەرگریی نیشتمانی هەنگاو بنێن. ئاماژەشی دا، هەموومان دەبێت بە کاری خۆمان هەستین، هەرچەندە لە پێشەوەین، بەڵام ئەگەر پەلە نەکەین، ئەوەی دوژمنەکانمان قۆڵبەستمان دەکەن و بەسەرماندا زاڵ دەبن.
