ماکرۆن و سیسی لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێ دۆخی غەززە دەكەن
ئەمڕۆ شەممە،ئیمانوێل ماكرۆن، سهرۆكی فڕهنسا و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر لە پەیوەندییەكی تەلەفونیدا تاوتوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەكان نێوان هەردوو وڵات کرد ، هەروەها گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی کەرتی غەززەوە كردوە.
محەممەد شناوی، وتەبێژی سەرۆکایەتی میسر لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماکرۆن هاوتا فەڕەنسییەکەیەوە پێگەیشتوە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و ڕێگاکانی بەهێزکردنی.
ئاماژەی بەوەشكرد، پەیوەندییەكە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بو بە مەبەستی سەردانەکەی ماکرۆن بۆ میسر، هەروەها گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی کەرتی غەززەوە كردوە و باسی گرنگترین بابەتەکانی هاوکاریی کراوە کە لە سەردانەکەدا وروژێنراون لەوانەش ئەگەری ئەنجامدانی لوتکەی سێ قۆڵی میسر، فرەنسی و ئوردن لە قاهیرە لە کاتی سەردانەکەی سەرۆکی فرەنسا بۆ میسر.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، پێشهاتەکانی کەرتی غەززە تاوتوێكران، کە تێیدا پێداچونەوە بە هەوڵەکانی میسر بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززەدا کراوە. هەردو سەرۆک جەختیان لەسەر گرنگی گەڕاندنەوەی ئارامی لە ڕێگەی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی کردەوە.
ئەوەشیخستەڕو، جەختیان لەسەر گرنگی چارەسەری دو دەوڵەتی کردوەتەوە وەک تاکە گەرەنتی بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.
ئەوە لە كاتێكدایە ماکرۆن بەنیازە ڕۆژی یەکشەممە سەردانی میسر بکات و لە گەشتەكەیدا بۆ ئەو وڵاتە سەردانی شاری ئەلعەریش-ی نزیک کەرتی غەززە دەكات. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی سێشەممە سەردانی شارەکە بکات، بە ئامانجی جەختکردنەوە لەسەر پێویستی "ئاگربەست" لە کەرتی غەززە و پاڵپشتیکردنی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ دانیشتوانەکەی.
