ماڵی بەرپرسێکی بەرەی تورکمان لە شاری کەرکووک کرایە ئامانج
بەیانی ئەمڕۆ شەممە (5ـی تشرینی یەکەمی 2024)، تەقینەوەیەک لە گەڕەکی موسەڵڵا لە شاری کەرکووک ڕوویدا و بەھۆیەوە بەرپرسی ماڵی تورکمان، سایگن ھاجەرئۆغلو کرایە ئامانج.
بەرەی تورکمانی لەو بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، "بەتوندی سەرکۆنەی ئەو تەقینەوە تیرۆریستییە دەکەین کە ئەمڕۆ شەممە لە گەڕەکی موسەڵڵا شاری کەرکووک ڕوویدا کە بەھۆیەوە بەرپرسی تورکمان، سایگن ھاجەرئۆغلو و ژمارەیەک ھاووڵاتی مەدەنی دیکە برینداربوون".
ڕاشیگەیاندووە: "گرووپە تیرۆریستییەکان بە ئەنجامدانی ئەم کردەوە ترسنۆکانە کە کەسایەتی و سەرکردەکانی کۆمەڵگای تورکمان لە کەرکووک دەکەنە ئامانج، دەیانەوێت ئاسایشی و سەقامگیری شارەکەمان تێک بدەن و ئاژاوەش بخەنە نێو پێکھاتەکانی ئەم شارە".
لە ڕاگەیەندراوەکە جەختیش کراوە کە ئەم کردارە وایان لێ دەکات زیاتر پابەند بن بە یەکێتی و بەرگریکردن لە مافی نەتەوەکەیان لە کەرکووک و ھاتووە: "داوای لە فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەین کە ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگای کەرکووک بگرێتەبەر، ھەروەھا ڕێگاش بەھیچ گرووپێکی تیرۆریستی نەدرێت ئارامی شارەکە تێک بدەن و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بە سزای توندی یاسایی بگەیەندرێن".
