مباپێ بۆ ماوەی پێنج ساڵ گرێبەستی لەگەڵ ریاڵ مەدرید ئیمزاکرد
مباپێ گرێبەستێکی پێنج ساڵی لەگەڵ ریاڵ مەدرید ئیمزا کردووە و مووچەکەی لە نێوان 15 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
کارلۆس کارپیۆ رۆژنامەنوس لە رۆژنامەی مارکا بڵاویکردەوە، کیلیان مباپێی یاریزانی پاریس سان جێرمان چەند هەفتەیەکە گرێبەستی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید ئیمزا کردووە.
ئەو رۆژنامەنوسە دوپاتیکردووەتەوە کە گرێبەستەکەی مباپێ لەگەڵ یانەی شاهانە بۆ ماوەی پێنج وەرز و تا هاوینی ساڵی 2029 یە و مووچەی ساڵانەکەشی لە نێوان 15 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ دەبێت بەڵام بە سەرجەم پاداشتەکانەوە شایستەی دارایی ئەو یاریزانە ساڵانە دەگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ.
دەشڵێت، بەرپرسانی ریاڵ مەدرید لە سەرەتای مانگی یەکدا پەیوەندیان بە یاریزانەکەوە کردووە تا هەڵوێستی بزانن لە پەیوەندی کردن بە یانەکەیانەوە و وەڵامی ئەو یاریزانەش ئەرێنی بووە.
رونیشیکردەوە، گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لایەنەکە زۆر ئاسان بەڕێوەچووە تەنیا کێشە لە نێوانیان بابەتی پارەی وێنە و ریکلام بووە بەڵام پێرێز ئەو کێشەیەشی چارەسەر کردووە و ئەو یاریزانەش ساڵانە چەندین پاداشتی بۆ دیاریکراوە.
دوپاتیشیکردووەتەوە کە هەفتەی رابردوو یانەیەکی گەورەی ئەوروپا ئۆفەرێکی بۆ یاریزانەکە ناردووە بەڵام بە نەخێر وەڵامی داونەتەوە و پێی راگەیاندوون گرێبەستی لەگەڵ یانە ئیسپانیەکە ئیمزا کردووە.
