مه‌سعود بارزانی: به‌ڵێنی كاركردن به مادده‌ی 140 جێبه‌جێنه‌كرا
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی فڕه‌نسا له عێراق رایگه‌یاند، "سه‌ره‌ڕای سه‌رنجی زۆرمان له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كه كه‌موكوڕی زۆری تێدایه به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین" و ده‌شڵێت، "ئه‌م یاسایه‌ی ئێستا كاری پێده‌كرێت یاسای ساڵی 2010یه و ئه‌وكات به‌ڵێَنمان پێدرا كه ماده‌ی 140ـی ده‌ستور جێبه‌جێبكرێت و یاساكه‌ش بۆ ته‌نها یه‌ك خولی هه‌ڵبژاردن كاری پێ بكرێت، به‌ڵام تا ئێستا به‌رده‌وامه و به‌ڵێنه‌كانیش جێبه‌جێنه‌كران".
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی باره‌گای بارزانی، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له پیرمام، مه‌سعود بارزانی پێشوازی له پاتریك دورێل باڵیۆزی فڕه‌نسا له عێراق كرد و له دیداره‌كه‌دا كه یان برێم كونسوڵی گشتیی فڕه‌نسا له هه‌ولێر ئاماده‌ی بو، باڵیۆزی فڕه‌نسا سوپاسی مه‌سعود بارزانی كرد بۆ به‌شداربونیان له مه‌ڕاسیمی كردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی پێشمه‌رگه له پاریس و ئه‌مه‌ی به هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی ناوبرد له‌پێناو قوڵتركردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان گه‌ل و حكومه‌تی فه‌ڕه‌نسا و هه‌رێمی كوردستان
باڵیۆزی فڕه‌نسا له عێراق كردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی پێشمه‌رگه‌ی له پاریس به هێمای ڕێز و پێزانینی گه‌لی فڕه‌نسا وه‌سفكرد بۆ قوربانیدان و ڕۆڵی به‌رچاوی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له روبه‌ڕوبونه‌وه و تێكشكاندنی داعش و گروپه تیرۆرستییه‌كان و پاراستنی ئه‌من و ئاسایشی ناوچه‌كه، هه‌روه‌ها پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ هێزی پێشمه‌رگه و هه‌رێمی كوردستان دوپاتكرده‌وه.
لای خۆیه‌وه مه‌سعود بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكومه‌تی فڕه‌نسا و شاره‌وانی و سه‌رۆكی شاره‌وانیی پاریسی كرد له پێناو ئه‌و بڕیاره مێژویه‌ی بۆ كردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی پێشمه‌رگه له‌ناو جه‌رگه‌ی پاریس دایان و ئه‌وه‌ی به سیمبوڵێك بۆ تێكۆشان و قوربانیدانی پێشمه‌رگه له پێناو ئازادی‌دا وه‌سفكرد.
له‌باره‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و هه‌ڵبژاردنی داهاتوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، مه‌سعود بارزانی باسی له‌وه‌كرد، "سه‌ره‌ڕای سه‌رنجی زۆرمان له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كه كه‌موكوڕی زۆری تێدایه به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین، گرنگه دوای هه‌ڵبژاردن هه‌مو ئه‌و لایه‌نه سیاسیانه‌ی ده‌یانه‌وێت شه‌فافیه‌ت له هه‌ڵبژاردن دا هه‌بێت پێكه‌وه كار له‌سه‌ر ده‌ركردنی یاسایه‌ك بكه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان كه یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری تێدابێت، چونكه ئه‌م یاسایه‌ی ئێستا كاری پێده‌كرێت یاسای ساڵی 2010یه و ئه‌وكات به‌ڵێنمان پێدرا كه ماده‌ی 140ـی ده‌ستور جێبه‌جێبكرێت و یاساكه‌ش بۆ ته‌نها یه‌ك خوڵی هه‌ڵبژاردن كاری پێ بكرێت، به‌ڵام ئه‌م یاسایه تا ئێستا به‌رده‌وامه و به‌ڵێنه‌كانیش جێبه‌جێنه‌كران".
هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، پێشهات و گۆڕانكارییه‌كان بارودۆخی سیاسیی ناوچه‌كه به گشتیی و دۆخی سوریا و هه‌نگاوه‌كانی پڕۆسه‌ی ئاشتیی له توركیا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی ئه‌م دیداره بون.
