مۆندیالی یانەکان.. پاریس بە گۆڵبارانکردنی میامی گەیشتە چارەکی کۆتایی
لە مۆندیالی یانەکان یانەی پاریس سان جێرمان گۆڵبارانی ئینتەر میامی کرد و گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی.
لە یارییەکی قۆناغی 16ی مۆندیالی یانەکان، پاریس سان جێرمانی فەرەنسی و ئینتەر میامی ئەمریکی کە تاکە یانەی وڵاتی میواندار بوو رووبەرووی یەکتر بوونەوە.
تایمی یەکەم، پاریس بە تەواوی دەستی بەسەر یاریگادا گرت و نان و ئاوی لە ئینتەر میامی بڕی، بە شێوەیەک لە خولەکەکانی شەش و 39 و 44 و خولەکی زیادکراودا چوار گۆڵیان نوسییەوە، گۆڵەکانیش نیڤێس دوو گۆڵ و حەکیمی گۆڵێک، گۆڵێکیش بەرگریکاری میامی لە خۆیانی تۆمارکردەوە، نیوەی یەکەمیش لە سودی پاریس کۆتایی هات.
لە تایمی دووەم، هەردوو راهێنەر کۆمەڵێک گۆرانکارییان ئەنجامدا، پاریس بەردەوامبوو لە کۆنترۆڵی یارییەکە بەڵام لەو تایمەدا هیچ گۆڵێک نەبینرا.
سەرەنجام یارییەکە بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی یانە فەرەنسییەکە کۆتایی هات، بەم ئەنجامە پاریس سان جێرمان گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی و ئینتەر میامی ماڵئاوایی کرد.
