مەزڵوم عەبدی: ڕێوشوێنی سەربازیمان گرتۆتەبەر بۆ پاراستنی ناوچەکانمان لەئەگەری هێرشەکان
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەبارەی دۆخی ئێستای سووریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ هەینی 6ـی کانوونی یەکەم ڕایگەیاند، "ڕێوشوێنی سەربازیمان گرتۆتەبەر بۆ پاراستنی ناوچەکانمان لەئەگەری هێرشەکانی سەر ناوچەکان و کەناڵەکانی پەیوەندیمان لەگەڵ دەستەی تەحریر شام هەیە و لە ڕووی سەربازییەو تائێستاە پێکدادانمان لەگەڵ تەحریر شام نەکردووە".
سەبارت بە شەڕی ناوخۆی سووریا نێوان دەستەی تەحریر شام و سووپای سووریا سەر بە ڕژێمی بەشار ئەسەد، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاندووە، بارودۆخێکی سیاسی و سەربازی نوێ لەسووریا هەیە کە پێویستی بە چارەسەرێکی سیاسی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە و ئێمە ئامادەین بۆ دیالۆگ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لەسەر ئایندەی سووریا.
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات سەبارەت بەو کوردانەی لە شاری حەلەب لە باکووری سووریا نیشتەجێن گوتوویەتی: 250 هەزار کورد لە حەلەب لە مەترسیدان بەهۆی شەڕی ئێستای سووریا.
شایەنی گوتنە: بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دەستپێکی هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە چوارشەممەی هەفتەی رابردوو 27ـی تشرینی دووەمەوە بۆ سەر پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلیب و حەماە، 280 هەزار کەس لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان ئاوارەبوون، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریش دەدات کە ژمارەکە بۆ 1.5 ملیۆن کەس زیاد ببێت لە ئەگەری بەردەوامی شەڕی ناوخۆی ئێستای سووریا.
