مەسرور بارزانی:-بەردەوام لەگەڵ بەڕێز سوودانی لە پەیوەندیدام و شاندەکانی دانوستانکاریش بەردەوامن بۆ وەلانانی کۆسپەکان
مهسرور بارزانی، سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان رایگهراند، ههرێم قەیرانی سەختی ئابوری تێپەڕاند و هەمو هەوڵێکیان خستوەتەگەڕ تاوەکو کۆتایی بە کێشەی موچە بهێنن، بەردەوام لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر هێڵن بۆ بەلاوەنانی کێشەکان
مهسرور بارزانی ئهمڕۆ له وتارێكدا لەمیانی کردنەوەی پردی دەربەندی ڕانیە - بنگرد ڕایگەیاند، "دەستخۆشی لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە گرنگە کە بێ گومان سودێکی زۆر بە خەڵکی ئەم ناوچەیە دەگەیەنێت و سنوری پشدەر و بێتوێن و مەرگە پێکەوە دەبەستێتەوە، ئەمە سودێکی زۆری دەبێت بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان دەکات؛ هەروەها سودێکی زۆری دەبێت بۆ گواستنەوەی بەروبومی جوتیاران لە ناوچەکە، هەروەها یارمەتی گەشەسەندنی گەشتیاریی لەم دەڤەرە دەدات".
ئاماژهی بهوهشكرد، "چوار ساڵ لەمەوبەر لە بارودۆخێکی سەختی دارایی و تەندروستی بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو قەیرانە ئابورییەی توشی هەرێمی کوردستان بو، ئێمە لەو کاتە بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیەمان دانا کە خۆشبەختانە لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو کرا و خرایە خزمەتی هاوڵاتییان، ئەمە بۆ ئێمە مایەی شانازی و پێ زانینە".
مهسرور بارزانی ئهوهشی وت، "ئەم پرۆژە گرنگە بە تەواوی لەلایەن توانا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە، خۆشبەختانە ئەمڕۆ شاهیدی ئەوەین کە توانا ناوخۆییەکان لە بواری دروستکردنی ڕێگاوبان گەشەیان سەندوە و کواڵێتیی ڕێگا و پردەکان زۆر باشتر بوە".
باسی لهوهشكرد، "پلان و بەرنامەمان هەیە بۆ خزمەتی كەرتی ڕێگەوبان لە هەمو ناوچەكانی كوردستان، خوا یار بێت بە باشتربونی دۆخی دارایی، تۆڕی ڕێگەوبانی هەرێم كە شادەماری ئابوریی هەرێمن، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان زیاتر پێش دەخەین، خەڵكی ئەم دەڤەرە وەك ناوچەكانی دیكەی كوردستان بێگومان هەمومان دەزانین كە قوربانییەكی یەكجار زۆریان داوە لەپێناو ئازادی و بەدەستهێنانی دەستكەوتە نیشتمانییەكان، بۆیە خەڵكی ئەم دەڤەرە، شایستەی زیاتر خزمەتكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارین".
رونیشیكردهوه، "لەم ڕوەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوار ساڵی رابردودا لە چوارچێوەی توانای بەردەست، چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆری لەم دەڤەرە و ناوچەكانی دیكەی كوردستان ئەنجام داوە و بەردەوامیش دەبین لە خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی ئەم ناوچەیە".
پهیوهست به دۆخی ئابوری ههرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی وتی، "لە چەند ساڵی رابردو، بارودۆخ و قەیرانی سەختی ئابوری و داراییمان تێپەڕاندوە، لێرەدا جارێكی دیكەش سوپاسی خۆڕاگریی هاوڵاتیانی خۆشەویست دەكەم، ئێمە هەمو هەوڵەكانمان خستۆتە گەڕ و هەمو تواناكانی خۆمان بەكار هێناوە بۆ ئەوەی كۆتایی بەم دۆخە سەختە ئابورییە بهێنین، بە تایبەت موچەی هاوڵاتیان كە لە كاتی خۆیدا بدرێت، هەوڵمان داوە كێشەكانمان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای دەستور و ڕێككەوتنەكانی نێوانمان چارەسەر ببن، بۆ ئەوەی مافە دەستوری و شایستە داراییەكانمان دابین بكرێن و زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین".
وتیشی، "بەردەوام لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ محەمەد شیاع سودانی لە پەیوەندیدام و شاندەكانی دانوستانكاریش بەردەوامن بۆ وەلاوەنانی كۆسپەكان و لەم بڕوایە داین، كە دەتوانین پێكەوە لەسەر بنەمای دەستور و بەرژەوەندیی گشتیی هاوڵاتیان، سەروەت و سامانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ خزمەتی هەمو هاوڵاتیان و پێشخستنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بەكار بێنین و پێگەی ئابوریی عێراق و هەرێم لە ناوچەكەدا بەرز بكەینەوە".
