مەسرور بارزانی پەیامێکی لە ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفالی بادینان بڵاوکردەوە
ئەمڕۆ هەینی (2023/8/25)، مەسرور بارزانی پەیامێکی لە ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفالی بادینان بڵاوکردەوە کە له دەقەکەیدا هاتووە، "لە 35مین ساڵڤەگەڕی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال لە دەڤەری بادینان، بەڕێز و شکۆوە یادی قوربانیيانی ئەو تاوانە گەورە و هۆڤانەیەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە ئامانجی قڕکردن و جێنۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو بە گشت پێکهاتەکانییەوە".
لە تەواوی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم هاتووە، "لەم هێرش و پەلامارانەدا، کە دوا قۆناخی شاڵاوەکانی ئەنفال بوو، هەزاران خەڵکی بێتاوانی بادینان ئەنفالکران و بە دەیان هەزاریش ئاوارە و دەربەدەر بوون و سەدان گوندیش تێکدران و لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراودا، زیانێکی زۆر گەورە بە ناوچەکە گەیشت" هەروەها، جێگەی داخ و نیگەرانییە، تا ئێستا ماددەی 132ـی دەستوور جێبەجێ نەکراوە کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق.
