مەسعود بارزانی رێگریکردن لە جوتیارانی کورد بۆ چوونە سەر زەوییەکانیان بە رەفتارێکی شۆڤینی و بێویژدانانە ناودەبات
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێگریکردن لە جوتیارانی کورد بۆ چوونە سەر زەوییەکانیان و ئازاردانیان بە رەفتارێکی شۆڤینی و بێویژدانانە ناودەبات.
بارزانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "دیمەنی ئازاردانی جوتیارێكی كورد و ڕەفتاری نابەجێی ڕێگریكردن لە جوتیاران كە بچنەوە سەر زەوییەكانیان، دیمەنی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە سەدەی پێشوو بەبیر دەهێنێتەوە".
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو رەفتارە بە رەفتارێکی شۆڤینی و بێویژدانانە ناودەبات و دەڵێت "ئەمە تاوانە لەدژی جووتیارە بێتاوانەكانی كورد لە پارێزگای كەركوك دەكرێت، كە تەنیا تاوانیان ئەوەیە كوردن و خاوەنی رەسەنی زەوییەكانیانن".
مەسعود بارزانی داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو ستەمە بکرێت و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیر بكرێن و سزا یاسایی خۆیان وەربگرن.
مەسعود بارزانی گوتی، "با ئەو جوتیارانە باش بزانن، ئەوان تەنیا و بێ پشت و پەنا نین و بە هەموو هێزێك پشتیوانی لە خۆڕاگری و ماف و داواكانیان دەكەن."
