مەسعود بارزانی: ھیچ ناکۆکیمان لەگەڵ یەکێتیی نییە کە زیانی بۆ هەرێمی کوردستان ببێت
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە لیژنەیەکی تایبەتمەندیان بۆ پەیوەندیکردن بە سەرجەم لایەنەکانەوە پێکھێناوە.
مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی "سکای نیوز"ی عەرەبی كە ڕۆژی چوارشەممە 27ـی تشرینی دووەم بڵاوکرایەوە، باسی لە دۆخی ھەرێم و عێراق و پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد و لەبارەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "پڕۆسەکە لە کەشێکی ئارام و بێ ھیچ کێشە و گرفتێک بەڕێوەچوو کە ڕێژەی بەشداریکردن تێیدا، لە سەدا 72% بوو، ئەوەش دەستکەوتێکی گەورەبوو".
مەسعود بارزانی لەبارەی گفتوگۆکانی تایبەت بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم، ئاماژەی بەوەداوە کە لیژنەیەکی تایبەتمەندیان بۆ پەیوەندیکردن بە سەرجەم لایەنەکانەوە پێکھێنا، هەروەها لەوباریەوە گوتوویەتی: "ڕێگا بە کەس نادەین مەرج بسەپێنێت و مەرج لەسەر کەس ناسەپێنین، ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە پێویستە یەک ھەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت و یەک ھێزی پێشمەرگە ھەبێت".
مەسعود بارزانی لەبارەی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتیی، ئاماژەی بەوەدا کە ھیچ ناکۆکییەک لەنێوانیاندا نییە کە ئەنجامەکەی زیانی بۆ هەرێمی کوردستان بێت و کاردەکەن بۆ لابردنی ھەموو کێشە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
ھەروەھا مەسعود بارزانی لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەئەگەری مەترسییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان کە لە رۆژانی 20 و 21 و 22ـی ئەم مانگە لە عێراق و ھەرێم بەڕێوەچوو دەڵێت: دڵنیابووین لەوەی ئەو سەرژمێرییە پەیوەندی بە یەکلاییکردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان نییە، بەڵکو بۆ پەرەپێدانە و ھیچ کێشەیەکیش لەوەدا نابینن.
مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوەشدا، کە ڕێژەی 12,67% کە وەک پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بوودجەی گشتی عێراقدا دیارییکراوە، نادادپەروەرانەیە.
كلمات مفتاحية
- مەسعود بارزانی
- یەکێتیی
- پارتی دیموکراتی کوردستان
- پارتی
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- عێراق
- سەرژمێری گشتی دانیشتوان
- هەڵبژاردن
- پێکهێنانی حکومەتی هەرێم
