مەندەلاوی و حەلبوسی تاوتوێی میکانیزمەکانی سەرخستنی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکەن
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئەساس، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی حیزبی تەقەددوم، تاوتوێی میکانیزمەکانی سەرخستنی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کرد بۆ تەواوکردنی بونیادی دەستووریی دامەزراوەی یاسادانان.
نووسینگەی مەندەلاوی لە ڕاگەیەنراوێکدا کەدەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: موحسین مەندەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانی ئەساس، لە میانی پێشوازیکردنی لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی حیزبی تەقەددوم تاوتوێی پێشهاتەکانی دیمەنی سیاسی کرد، هەروەها باس لە هەنگاوەکانی پاڵپشتیکردنی ئەو گفتوگۆیە کرا کە لەنێوان هێزە نیشتمانییەکاندا هەیە بۆ ئەنجامدانی ئیستیحقاقە دەستوورییەکان بەپێی چوارچێوە کاتییە دیاریکراوەکان، لەگەڵ میکانیزمەکانی سەرخستنی بەستنی یەکەم دانیشتن - بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان لە ڕۆژی ٢٩ی کانوونی یەکەمی ئەم مانگەدا.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی ئامادەکردنی کەشێکی سیاسیی گونجاو بۆ بەستنی دانیشتنەکە؛ بە مەبەستی تەواوکردنی بونیادی دەستووریی دامەزراوەی یاسادانان، بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ داواکارییەکانی قۆناغی ئێستا و خزمەت بە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی بکات، هەروەها چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ یەکخستنی دیدگای هێزە نیشتمانییەکان، بۆ خێراکردنی پێکهێنانی حکومەت.
هەروەها جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی، و پشتیوانیکردنی ڕێڕەوە دەستووری و یاساییەکان، و چەسپاندنی پرەنسیپی هاوبەشیی نیشتمانی و هاریکاریی بنیاتنەر، بەجۆرێک کە زەمینە خۆش بکات بۆ قۆناغێکی نوێ کە ناونیشانەکەی هاریکاری و کاری هاوبەش بێت بۆ خزمەتکردنی وڵات
