ناردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوادەکەوێت
ناردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوادەکەوێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، گەشتی دەرەوەى وڵاتى كردوە و تا رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو ناگەڕێتەوە، هەربۆیە خەرجكردنی موچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێم دوادەكەوێت بۆ دوای بەڕێوەچونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، لە ناوەڕاستی مانگی کانونى یەکەم (مانگی 12) ژمێرەى كۆتایی بودجە دادەخرێت تا ناوەڕاستی مانگی یەكی ساڵی داهاتو، هەربۆیە ناردنی موچەی مانگەكانی 11 و 12ی فەرمانبەرانی هەرێم كێشەی بۆ دروست دەبێت.
كێشەیەكی تری بەردەم ناردنی موچەی مانگەكانی 11 و 12ـی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوەیە کە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق تەواو بوە كە 11 ترلیۆن و نیو بوە، بۆیە بۆ موچەى ئەو دوو مانگە، پێویستى بە گواستنەوەی پارەیە لە بودجەى وەبەرهێنانەوە بۆ بودجەى بەکاربردن و ئەوەش پێویستی بە ڕەزامەندیی حكومەت و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق هەیە.
سەرەڕای ئەوەی نزیكەی سێ هەفتەیە، لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی بەغداد كراوە، بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان، تا ئێستاش دابەشکردنی هاتنی موچەی مانگی 10 دیار نییە.
