نرخى ئەمپێرێک کارەباى موەلیدە لە شارى سلێمانى دیاریکرا
نرخى ئەمپێرێک کارەباى موەلیدەى ئەهلی لەناو شارى سلێمانى بەپێى کاتەکانى پێدانى کارەبا و ناوچە جیاوازەکان بۆ مانگى رابردو دیاریکرا، خشتەکانى پێدانى کارەباش بۆ مانگى رەمەزان دەگۆڕێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتى کارەباى سلێمانى رایگەیاند؛ بەپێى نرخى سوتەمەنیی لە بازاڕەکاندا نرخى کاتژمێرێک بۆ هەر ئەمپێرێک بە 41 دینار دیاریکراوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە موەلیدە ئەهلییەکانى شارى سلێمانى مانگى رابردو 285 بۆ 320 کاتژمێر کارەبایان داوەتە هاوڵاتییان و نرخەکەیش لەنێوان 12 بۆ 20 هەزار دینار دیاریکراوە.
کارەباى سلێمانى دەڵێت: نرخەکە لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکى دیکە جیاوازە، بەشێک لە گەڕەکەکان لەنێوان 12 بۆ 13 هەزاردایە و ئەو گەڕەکانەیش لە 7ى بەیانى بۆ 1ى شەو کاریان کردوە نرخى ئەمپێرێکیان لەنێوان 16 بۆ 17 هەزار و ئەو موەلیدانەیش 24 کاتژمێر کاردەکەن هەر ئەمپێرێکیان بەرامبەر 20 هەزار دیناردایە.
خشتەى کارکردنیش بەمشێوەیەیە: لەنێوان 1ى پاشنیوەڕۆ بۆ 1ى شەو لەکاتى کوژانەوەى کارەباى نیشتیمانى کاردەکەن، بەیانیانیش لە کاتژمێر 6:30 بۆ 8:00 کاردەکەن و لە مانگى رەمەزانیش خشتەى پێدانى کارەبا دەگۆڕێت، لە رۆژانى هەینى و شەممەیشدا بەیانیان کارناکەن لەبرى ئەوە کاتژمێر 11ى پێشنیوەڕى بۆ 1ى شەو کاردەکەن
