نزیکەی سی کەس بەهۆی بارانبارینی بەخۆڕ و گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتی پۆلیڤیا گیانیان لەدەستدا
جێگری وەزیری بەرگری شارستانی پۆلیڤیا، خوان کارلۆس کالڤێمۆنتێس ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، کە ژمارەی کوژراوان بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 تا ئێستا گەیشتووەتە 28 کەس.
ئەو بەرپرسە ڕوونیکردەوە کە بارانبارین 8 پارێزگا لە 9 پارێزگای وڵاتەکەی گرتووە و ئاماژەی بەوەدا کە 83 شارەوانی زیانیان بەرکەوتووە و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا زۆربەیان حاڵەتی بەپەلە و باری نائاسایی ڕابگەیەنن.
دەشڵێت: 27 شارەوانی باری نائاسایییان ڕاگەیاندووە لەوانە 22 شارەوانی لە پارێزگای لاپاز کە زۆرترین زیانیان بە گۆڕانی کەشوهەوا پێگەیشتووە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی حکومەتی وڵاتی پۆلیڤیا، بەهۆی لافاو قوربانیەکان لە پارێزگاکانی چوکیساکا، لاپاز، تاریخا، کۆچابامبا، سانتا کروز و پۆتۆسی گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا چوار کەس هێشتا بێسەروشوێنن، کە سیانیان لە باکووری لاپاز و یەکێکیان لە چوکیساکا.
دەزگای نیشتیمانی کەشناسی و هایدرۆلۆجی پۆلیڤیا پێشبینی کرد کە بارانبارین لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەردەوام بێت و ئەگەری هەیە تا مانگی ئادار و نیسان بەردەوامی هەبێت.
