نهتهنیاهۆ: هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ترەمپ ئەنجام دراون
بنیامین نهتهنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئهمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجام دراون، دهشڵێت، "بەڵێنمدا کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناو ببەم، بەڵێنەکەش جێبەجێ کرا".
بنیامین نهتهنیاهۆ لە بەیاننامەیەکی نوسراودا دوای ئەوەی ترەمپ هێرشەکانی بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێرانی ڕاگەیاند، ڕونیکردەوە، "لەبیرتانە هەر لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە بەڵێنم پێداون کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە شێوازێک یان بەو شێوەیە لەناو دەچن، ئەم بەڵێنە ماوەیەکی کورت لەمەوبەر بە هەماهەنگی تەواو لە نێوان من و سەرۆک ترهمپ و بە هەماهەنگی تەواو ئۆپەراسیۆنی نێوان سوپای ئیسرائیل و سوپای ئەمریکا جێبەجێ کرا".
ئاماژهی بهوهشكرد، ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران کە بریتین لە فۆردو، نهتهنز و ئیسفەهان، لەو کارەشدا ئەمریکا بە هێزێکی یەکجار زۆرەوە، ئەو هێرشانە بەردەوام بو کە لەلایەن سوپای ئیسرائیل و مۆسادەوە لە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستیپێکرد.
بنیامین نهتهنیاهۆ دهڵێت، "ڕاستەوخۆ دوای ئۆپەراسیۆنەکە سەرۆک ترهمپ تەلەفۆنی بۆ کردم، پەیوەندییەکی زۆر گەرم و کاریگەر بو، پیرۆزبایی لە من و سەربازەکانمان و گەلەکەمان کرد، منیش لە بەرامبەردا پیرۆزبایی لە خۆی و سوپای ئەمریکا و گەلی ئەمریکام کرد".
نەتانیاهۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "سەرۆک ترهمپ بوێرانە سەرکردایەتی جیهانی ئازاد دەکات، ئەو دۆستێکی گەورەی ئیسرائیلە، دۆستێکی وەک هیچ کەسێکی تر نییە، بەناوی خۆم و هەمو هاوڵاتیانی ئیسرائیل و هەمو گەلی جولەکە لە دڵەوە سوپاسی دەکەم".
نهتهنیاهۆ لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆیی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، بڕیاری بوێرانەی ترەمپ بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، مێژو دەگۆڕێت، سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ ئەو بڕیارەی بۆ لێدانی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران.
