نوێنەری زیندانیانی بادینان لەسەر دادگایکردنی گوهدار زێباری پەیامێکی بڵاوکردەوە
ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، "کاتێک گوهدار زێباری لە رێککەوتی 2020/10/22 دەستگیرکرا لەماڵی خۆی نەبووە لەمیوانییەک بووە و تاپرەکە هی ئەو نەبووە و هی ماڵەکە بووە تەنانەت دەستیشی بەرینەکەوتووە ئەمەش واتای هیچ بەڵگەیەک نییە هی ئەوبێت، تاپرەکە لەکارکەوتوە و ھی سەردەمی ئینگلیزە و تەنها وەک شتێکی کەلەپوری ھەلگیراوە، نەک وەک ئەو تۆمەتەی کودەتا کە خراوەتە پاڵی".
پێشوتر و لەکاتێکدا گوهدار لەئاسایش بوو برابویە دادگا، پێش ئەوەی ببرێتە چاکسازی، وەک جۆرە دادگاییکردنێک لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو لەوبارەیەوە بە بێ پارێزەرەکەی، بەڵام گوهدار ڕەتیکردبویەوە بەبێ پارێزەرەکەی لێدوان بدات و واتە ئەوکات نیازێک هەبو بەرلەوەی ببرێتە چاکسازی سزا بدرێت بەڵام هەرئەوکات رەفزکرایەوە و داخرا.
وتیشی، "هاوکات گوهدار وتویەتی پشکنین بۆ پەنجە مۆرم بکەن کە بەهیچ جۆرێک هی من نییە و تەنانەت دەستیشم بەرینەکەوتووە، بۆچی دوای نێزیکەی سێ ساڵ ئێستا دەیانەوێت ماددەی 15ی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لەسەری بکەنەوە لە کاتێکدا ھی خۆی نیە".
ڕوونیکردەوە، کە بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هیچ کەسێک بەهۆی هەمان تۆمەتەوە دووجار سزانادرێت، وە لە 2021/2/16 لەکاتێکدا گوهدار زێباری و چوار لەهاورێیانی سزای شەش ساڵیان بەسەردا سەپێندرا، ئەم بابەتی چەک کە دەوترێت لەکاتێکدا چەک نەبووە تاپڕ بووە، بوبویە بەشێک لەکەیسەکە و لەدژیان وەک بەشێک لەدۆسیەکە بەکارهات کە دەیانوت چەکیان پێبوە، وە هەر ئەوکات لەدادگاییەکە وترا کە بابەتی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکە جیابکرێتەوە، بەڵام بەهیچ جۆرێک باس لە تاپر نەکرا کە جیا بکرێتەوە، هەر ئەوکات وەک بەشێک لەکەیسەکەیان پێی سزادران.
ئەیهان سەعید وتیشی: "گوھدار زێباری ئێستا لە ئاسایشی گشتی لە مانگرتنێکی وشکدایە و مەترسی لەسەر تەندروستی و ژیانی ھەیە، و تاکە رێگاچارەی یاسایی و دادپەروەر ئەوەیە سەرۆک وەزیرانی ھەرێم واز لە دەستێوەردان لە کاروباری دادگا بێنێت، گوھدار زێباری، شێروان شێروانی و قارەمان شوکری و نەزیر بەرواری ئازادبكرێن و دەستبەرداری رق و تەحەدا و بەكارهێنانی دەزگا ئەمنیەکانی بێت بۆ تۆڵەكردنەوە لە كەسانێك كە جگە لە خەباتی مەدەنی و قەڵەم هیچ ئامرازێكی دیكە بەكارناهێنن".
