نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پەیامی ماڵئاوایی و کۆتایی ئەرکەکانی لە عێراق بڵاوکردەوە
جێنین پلاسخارت لەگەڵ نزیكبونەوەی لە كۆتایی ئەركەكەی لە عێراق پەیامێكی ماڵئاوایی بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت، هەندێک لەو رەخنانەی لەبارەی نەتەوە یەكگرتووەكان هەبووە ڕەوا بوون بەڵام هەندێكیان تەنیا لەسەر بنەمای "تێڕوانینی هەڵە" بوون.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، پلاسخارت لە پەیامی ماڵئاواییەكەیدا وتویەتی: "لە کاتێکدا ماوەی کارکردنم وەک نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتزوەکان بۆ عێراق لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە، هیواخوازم سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ هەمو عێراقییەکان و بەتایبەتی ئەوانەی چاوم پێیان کەوتووە و لەگەڵیاندا کارم کردوە دەرببڕم".
وتوشیەتی: "لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، من زۆر سەرسام بووم بە بەخشندەیی و میوانداریی گەلێک کە هەرگیز لە دابونەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە دانەبڕاون، هەتا ئەگەر کاریگەریی لەسەر ئاسودەیی و کاتی خۆشیان هەبێت. من زۆر شت فێربووم لە گوێگرتن لە ژنان و پیاوانی عێراقی کە بە شانازییەوە مێژوی خۆیان ڕوون دەکردەوە، هەرچەندە زۆرێک لەوانە ڕوزبەڕووی ئاڵنگاریی سەخت بونەتەوە، بەڵام زۆرجار گەشبینییەک بۆ ڕۆژانی داهاتوو دەدرەوشایەوە".
ئەوەشی خستۆتەڕوو، "لە سەرانسەری عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە، خەڵکی بێشومار لە هەموو تەمەنێکدا بە شێوەیەکی خۆڕسک هیوا و ئاواتی هاوبەشیان هەبووە، بۆیە من هیچیان لەبیر ناکەم".
