نێچیرڤان بارزانی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات وڵاتینامە و ماڵ و سامانی فەیلییەکان بگەڕێنێتەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی دا جەخت لە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەکاتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەیان و گەڕاندنەوەی وڵاتینامە و ماڵ و سامانیان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، کوردانی فەیلی "تەنیا لەبەرئەوەی کوردن و پشتیوانیی شۆڕشی کوردستانیان کرد،" رووبهڕووی کوشتن، دەستگیرکردن و راگواستن و ونکردن و لێسەندنەوەی رەگەزنامە و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانیان بوون.
لەو یادەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، "جەخت لەسەر داواکاریمان لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەینەوە بەپێی بڕیاری دادگەی باڵای تاوانهکانی عێراق کە ئەو تاوانەی به جینۆساید ناساندووه، کوردە فەیلییەکان لە هەموو روویەکەوە قەرەبوو بکاتەوە و رەگەزنامە و ماڵ و سامانیان بۆ بگەڕێنێتەوە و کێشەکانیان چارەسەر بکات."
لە پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "خوشک و برایانی فهیلیمان دڵنیا دهکهینهوه که هەمیشە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ گێڕانهوهی مافهکانیان و بهدیهینانی دادوهری بۆ ئهوان و هەرچی پێویستە لەم بارەیەوە، درێخی ناکهین."
جینۆسایدی کوردانی فەیلی و هەموو هەوڵەکانی سڕینەوە و ئهو تاوانانهی دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون، وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "مێژوویەکی رەش و رابردوویەکی تاڵن کە جگه له نەهامەتی و ناسەقامگیری بۆ وڵات هیچی دیکەی نههێناوە."
نێچیرڤان بارزانی پێی وایە، "دهبێت ئەو رابردووە ببێتە پەند و وانه بۆ بهدیهێنانی داهاتوویەکی باشتر کە لەسەر بنەمای لێکگەیشتن و هاوبەشی و قبووڵکردنی یەکدی و پاراستنی مافی ههموو پێکهاتهکان لە عێراقدا بنیات نرابێت."
