نەتەنیاهۆ: هێشتا حەماس هەزاران چەکداری هەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، باسی لە پلانە نوێیەکانی هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە خوازیاری درێژکردنەوەی ماوەی شەڕ نییە و کۆنترۆڵکردنی غەززە باشترین ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ. دەشڵێت، "هێشتا حەماس هەزاران چەکداری هەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل".
بنیامین نەتەنیاهۆ، ئەمڕۆ یەكشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە قودسەوە ڕایگەیاند، پلانی کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە باشترین ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، هەروەها پلانە نوێیەکانی هێرشکردنە سەر غەززە ئامانجمان مامەڵەکردنە لەگەڵ دو پێگەی كۆتایی حەماس.
ئاماژەی بەوەشكرد، "لە سۆنگەی ڕەتکردنەوەی حەماس بۆ دانانی چەک، ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی دیكەی لەبەردەمدا نەماوەتەوە جگە لە تەواوکردنی ئەرکەکە. ئەو خشتەی کاتییەی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دامانناوە زۆر خێرایە".
نەتەنیاهۆ باسی لەوەشكرد، "پلانەکە گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی و دروستکردنی ڕێڕەوی ئارام بۆ دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ڕێگەدان بە فڕێدانەخوارەوەی هاوکارییەکان لە ڕێگەی ئاسمانەوە".
ئەوەشیخستەڕو، "پێنج بنەمامان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە دیاریکردوە، لەوانە؛ هەڵوەشاندنەوەی چەکەکانی حەماس، گەڕانەوەی بارمتەکان، داماڵینی غەززە لە چەک، کۆنترۆڵی ئەمنی تەواوی ئیسرائیل لە غەززە و بونی ئیدارەیەکی مەدەنی کە سەر بە حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستینی نەبێت".
بەگوێرەی وتەكانی نەتەنیاهۆ، "ئامانجیان داگیرکردنی غەززە نییە، بەڵکو ئازادکردنیەتی لە حەماس"، جەختیشیکردەوە کە حەماس "هەزاران چەکداری لە غەززە هەیە و هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل".
