نەتەنیاهۆ: وڵاتەکەمان ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی و ملکەچی مەرجەکانی بزوتنەوەکە نابێت و تا حەماس لەناو نەبەن و بارمتەكان ئازاد نەكەن شەڕ كۆتایی نایات. دەشڵێت، "ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل نەبوایە، ئێران 10 ساڵ لەمەوبەر دەیتوانی بۆمبی ئەتۆمی دروستبکات".
بنیامین نەتەنیاهۆ، ئەمشەو لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بڵاویكردەوە، ئەو شەڕەی ئیسرائیل دژی حەماس ئەنجامی دەدات لە حەوت بەرەدا بەردەوامە و ئەو باجەی ئیسرائیل لەم شەڕەدا دەیدا قورسە و وڵاتەکەی دەچێتە قۆناغێکی گرنگ لە شەڕی دژی حەماس.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئیسرائیل بە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی وەک حەسەن نەسروڵا، ئەمنداری پێشوی حزبوڵای لوبنان و یەحیا سینوەر، سەرۆكی پێشوی بزوتنەوەی حەماس و ئەوانی دیکە، ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، نەتەنیاهۆ پشتڕاستی کردەوە کە حەماس پێشنیارێکی ئیسرائیلی بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان ڕەتکردەوە و ئەوان ملکەچی مەرجەکانی بزوتنەوەکە نابێت و تا حەماس لەناو نەبەن و بارمتەكان ئازاد نەكەن ئەو شەڕە كۆتایی نایات.
