نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێن دەدات لە قۆناغی داهاتوودا پشتیوانی لە ئەولەویەتەکانی پەرەپێدانی عێراق بکات
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختی کردەوە لە بوونی هاوبەشییەکی بەهێز لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پشتگیریکردنی کارە لەپێشینە نیشتمانییەکانی گەشەپێدان.
لەڕاگەیەندراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کەدەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە تیایدا، هاتووە: لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یۆنامی)، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەژێر سەرپەرشتی ڕێکخەری نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی.
زیاتر وتی: تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هاوبەشییەکی نزیکدا لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ پشتگیریکردنی کارە لەپێشینە نیشتمانییەکانی گەشەپێدان، ئەوەش لە ڕێگەی چوارچێوەی بەڵگەنامەی هاوکاری گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان (٢٠٢٥-٢٠٢٩) کە لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ واژۆ کراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەم گواستنەوەیە بەرجەستەکردنی هەنگاوێکی ڕوونە بەرەو گەشەپێدانی درێژخایەن و بەردەوام، کە لەلایەن سەرکردایەتی نیشتمانییەوە ڕێبەری دەکرێت و لەسەر بنەمای دامەزراوەی بەهێزتر و هاوبەشی کارا بونیات نراوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە پشتگیریکردنی هەمەجۆرکردنی ئابووری، کرداری کەشوهەوا و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانەوە، تا دەگاتە بەهێزکردنی پاراستنی کۆمەڵایەتی، حوکمڕانی و چارەسەرە بەردەوامەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان وەک هاوبەشێکی جێی متمانە و پابەند بە پشتگیریکردنی حکومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لە دەور و کارەکانی.
