نەتەوەیەکگرتووەکان: ئەو هاوكارییەی كە ئیسرائیل ڕێگەی دا بچێتە ناو غەززەوە زۆر كەمە
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند، ئەو هاوكارییەی كە ئیسرائیل ڕێگەی دا بچێتە ناو غەززەوە، زۆر كەمە و كەرتەكە پێویستە بە زۆر زیاترە، دەشڵێت، "هێرشی سەربازی ئیسرائیل لە هەڵکشاندایە، كە هاوكاتە لەگەڵ ئاستی ترسناکی مردن و لەناوچون".
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو هاوکارییەی كە چوتە ناو غەززەوە، زۆر كەمە و كەرتەكە پێویستی بە زۆر زیاترە. هەروەها بەبێ دەستگەیشتن بە هاوکاری خێرا، متمانەپێکراو، سەلامەت و بەردەوام، خەڵکی زیاتر دەمرن و دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی بۆ هەمو دانیشتوانەکەی ترسناک دەبن.
ئاماژەی بەوەشكرد، فەلەستینییەکان لە غەززە بەدەست توندترین قۆناغی جەنگەوە دەناڵێنن و ماوەی نزیکەی 80 ڕۆژە ئیسرائیل ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەكان دەگرێت.
سكرتێری نەتەوەیەكگرتوەكان باسی لەوەشكرد تەواوی دانیشتوانی غەززە ڕوبەڕوی مەترسی برسێتی بونەتەوە. هێرشی سەربازی ئیسرائیل بەرەو هەڵکشان دەچێت كە هاوكاتە لەگەڵ ئاستی ترسناکی مردن و لەناوچون.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە 107 بارهەڵگر کە ئارد و پێداویستییەکانی دیکەی خۆراک و هەروەها کەرەستەی پزیشکییان هەڵگرتبو، لە ڕێگەی دەروازەی کەرەم شالومەوە چونەتە ناو کەرتی غەززە.
