نەینەوا... کەسانی نەناسراو هەڵیانکوتایە سەر نووسینگەی پەرلەمانتار مەحما خەلیل و پۆستەرەکانی هەڵبژاردنیان سووتاند
نوسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانتار مەحما خەلیل، کاندیدی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، باڵەخانەی ئۆفیسەکەی لەلایەن گروپێکی نەناسراوەوە هێرشی کراوەتە سەر، کە تابلۆکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان دابەزاندووە و ئاگریان تێبەرداوە.
نووسینگەکە لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاندووە، "کۆمەڵێک کەسی نەناسراو کە پاشخانی سەر بە داعشیان هەیە، پۆستەر و تابلۆی هەڵبژاردنی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پارێزگاری نەینەوا، پەرلەمانتار مەحما خەلیل عەلی ئاغا، لە حەوشەی نووسینگەکەی لە قەزای شنگال سووتاندووە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "متمانەیەکی تەواومان بە هێزە ئەمنییەکانمان هەیە کە لە قەزای شنگال کاردەکەن بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران و پلاندانەرانی ئەم ئۆپەراسیۆنە ترسنۆکانە، و بەپێی یاسا ڕووبەڕووی تۆڵەسەندنەوەی دادپەروەرانە دەبنەوە لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەری عێراق".
