هاوسەرۆکی دەم پارتی: نابێت کورد دەنگ بە پارتی داد و گەشەپێدان ئاکەپە و مەهەپە بدات
تولەی هاتیمۆگولاری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم) ڕایگەیاند، نابێت کورد دەنگ بە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بدات.
هاتیمۆگولاری لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی شارۆچکەی سروجی سەر بە پارێزگای ڕوها لە باکووری کوردستان ڕایگەیاند، ئاکەپە و پارتی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی (مەهەپە) دژی کوردەکان هاوکاری یەکتر دەکەن و "نابێت هیچ کوردێک دەنگ بە ئاکەپە بدات، هەر دەنگێک بە ئاکەپە دەدرێت بۆ مەهەپە دەچێت، پێویستە هەمووان ئەمە بزانن".
هاتیمۆگولاری ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی 31 مانگی سێ، ئۆپەراسیۆنەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی دەم پارتی بەڕێوەدەچن و گوتیشی کە فشاری دەسەڵاتداران ناتوانێت بیانوەستێنێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووشدا فشاریان لەسەربووە، بەڵام هێشتا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
شایەنی باسە، لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی 20 کەس لە شاری سروج بە هۆی تۆمەتەکانی وەک "یارمەتیدانی ڕێکخراوی تیرۆرستی" دەستگیرکران.
