هاوڵاتییەکی سویدی لە ئێران دەستگیر کرا و یەکێتیی ئەوروپا داوای ئازادکردنی دەکات
سوید و کۆمسیۆنی ئەوروپا دەڵێن کە ئێران هاوڵاتییەکی سویدی دەستگیر کرد، ئەمەش نوێتریین حاڵەتی دەستگیرکردنی هاوڵاتییەکی بیانییە لە ئێران لەنێو گرژییە سیاسییەکانی وڵاتەکە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا.
وەزارەتی دەرەوەی سوید ڕایگەیاند، "هاوڵاتییەکی سویدی، کە تەمەنی لە سییەکاندایە، لە نیسانی 2022 لە ئێران دەستگیرکرا"، وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی سوید لە تاران جەختیان کردەوە، کە "بە چڕی کار لەسەر کەیسەکە دەکەن و لە پەیوەندییەکی چڕ دان لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا".
وتەبێژی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە و وردەکاری زیاتری نەدا.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی دووشەممە (4ـی ئەیلولی 2023) ڕایگەیاند، کە باس لەوە دەکرێت کە هاوڵاتییەکی سویدی کار بۆ ڕێکخراویەکی دیپلۆماسی یەکێتی ئەوروپا دەکات لە ئێران دەستگیر کرا.
هەروەها هەردوو لای سویدی و یەکێتیی ئەوروپا هیچ زانیارییەک لەبارەی هاوڵاتیە بەندکراوە سویدیەکەیان نەدا.
