هۆشیار زێباری: ئۆمێد دەکەین کابینەی نوێ بە زووی پێکبهێندرێت
سەرۆکی شاندی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئۆمێد دەکەین کابینەی نوێ بە زووی پێکبهێندرێت و کۆبوونەوەکانیش بەباشی بەڕێوەدەچن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، هۆشیار زێباری سەرۆکی شاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بە باشی بەڕێوەدەچن.
هۆشیاری زێباری گوتی: وەرەقەی سیاسی و بەرنامەی حکوومەت کۆتایی هاتووە، ئێستا لە قۆناغی دابەشکردنی پۆستەکانین.
باسی لەوەش کرد، ئۆمێد دەکەین کابینەی نوێ بە زووی پێکبهێندرێت و ئەمڕۆش شاندی ئێمە لە دیداری سلێمانی ئامادە بوون و دوێنیش لە پیرمام کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگمان ئەنجامدا.
هەر لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئەمڕۆ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە ئاستێکی باشدان و کۆبوونەوەکانیش بە باشی بەڕێوە دەچن و هیوادارین بتوانین لە ماوەیەکی کورتدا حکوومەت پێک بهێنین.
