هۆشیار زێباری: حكومەتەكەی سودانی نامرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ موچەخۆرانی هەرێم کرد
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، بەڵێنی خولی دوەمی سەرۆكایەتی بە سودانی نادەنەوە، حكومەتەكەی نامرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ موچەخۆران كرد، دەشڵێت، "دۆخی عێراق لە لێواری تەقینەوەدایە و مانگی داهاتو روبەڕوبونەوەكان لە ناوچەكە سەرهەڵدەدەنەوە".
هۆشیار زێباری، لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ كەناڵی السومریەی عێراقی ڕایگەیاند، ئەو درۆنانەی كە هێرشیان كردە سەر هەرێم، لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبییەوە ئاڕاستە کراون، لە دەشتی نەینەوا و لە ناوچەی ڕەشادی کەرکوک و چەند ناوچەیەکی دیکەش.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو گروپانە، بارەگاکانیان لە تەنیشت بارەگاکانی سوپای عێراقە لە ناوچەی سەوزی بەغدا. ئەوەی دەیکەن، یاریی کردنە بە ئاگر لە دۆخێکی ئاڵۆز و هەستیار کە ناوچەکە داپۆشراوە بە ئاگر، ڕوبەڕوبونەوەکان کۆتاییان نەهاتوە، نیشانەکانی تەقینەوەی بارودۆخەکە لەهەر کاتێکدا هەیە.
هۆشیار زێباری لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا باسی لەوەكرد، حکومەتەکەی سودانی، بەشێوەیەکی نامرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێمدا کردوە، سەو هەوڵی داوە بە نیازێکی راستگۆیانە کار بکات، بەڵام بە پشتبەستن بە ئەزمونی کردەییمان لەگەڵیدا، بەتایبەت كە ئێمە ئەو لایەنەین کە زۆرترین پشتیوانیمان لێکردوە، جارێكی دیكە چەکی سپی نادەینەوە دەست، چونکە ئەوە پرسێکی قورسە، بەڵێنی خولی دوەمی سەرۆكایەتی پێنادەینەوە.
سەبارەت بە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنیش لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، هۆشیار زێباری دەڵێت، "من فەتاح فاڵ نیم، بەڵام دەبینین کە لێكەوتەكانی شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێران کۆتایی نەهاتوە و ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەكەدا رودەدات، بەرەو ئەو خوێندەوەیەمان دەبات كە مانگی (ئەیلول/9)ـی داهاتو روبەڕوبونەوەكان جارێكی دیكە سەرهەڵدەدەنەوە، رەنگە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراقیش هەبێت.
