هۆڵەندا باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تاران و کونسوڵخانەکەی لە هەولێر دادەخات
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لە ماڵپەڕی فەرمی بڵاوی کردووەتەوە بەهۆی گرژیی و هەڕەشەکانی ئێران و ئیسرائیل لە یەکتری، بڕیاری داوە بۆ ماوەیەکی کاتیی سبەی یەکشەممە، باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تاران و کونسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر دادەخرێت.
هەروەها سەرجەم دیدار و چاوپێکەوتنەکانی وەرگرتنی ڤێزا و مامەڵەکانی گەشتکردن بۆ هۆڵەندا، لە تاران و هەولێر هەڵوەشاندووەتەوە و ڕایگەیاندووە: خشتەیەکی دیکە بۆ وادە و چاوپێکەوتنەکان دیاری دەکەنەوە، بەڵام سبەی یەکشەممە بڕیار دەدەن داخرانەکە بۆ ڕۆژی دووشەممە (15ی نیسانی 2024) بەردەوام دەبێت یان نە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی گیانی کارمەندانی هەردوو نوێنەرایەتییەکە.
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران لە ئیسرائیل دۆخی عێراق لە سەر نەخشە دیاری کردووە و ئاماژەی داوە، کە دۆخی هەرێمی کوردستان بە پرتەقاڵیی و تەواوی ناوچەکانی عێراقیشی بە سوور دیاری کردووە.
