هێزە چەکدارەکانی سەربە سوپا و حەشدی شەعبی لەنزیک سنووری سووریا جێگیر کران
وەزارەتی بەرگریی عێراق پێنج تیپ لە هێزە چەکدارەکانی سەربە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەنزیک سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ سووریا جێگیر کرد.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی عێراق، سێ تیپ لە هێزەکانی سەربە سوپای عێراق و دوو تیپ لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کە دەبنە شەش بۆ 10 هەزار چەکدار لەنزیک سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ سووریا جێگیرکراون.
پێشتر یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەختی کردبوو کە سنوورە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ سووریا بەتەواوەتی پارێزراوە، هەروەها لە هەڕەشەی تیرۆرستان و گرووپە چەکدار و داعشەکانی ناو سووریا پارێزراوە.
چی دەگوزەرێت لە سووریا...؟!
ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووریا هێرشی کردەسەر شارەکانی حەلەب و ئیدلب لەباکووری سووریا و دەستیان بەسەر کۆلێژی سەربازی و کۆلێژی تۆپخانە لە گەڕەکی زەهرا لە شاری حەلەب گرتووە، پاش ئەوەی دەستیان بەسەر تەواوی گوندەکانی ڕۆژئاوای شاری حەلەبدا لە باکووری سووریا گرت و هەروەها دەستیان بەسەر شاری سەراقب دا گرت کە لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگە لە دوای شەڕێکی سەخت لەگەڵ هێزەکانی ڕژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانیان، دواجار ئەمڕۆ شەممە زۆرینەی شاری حەلەبی کۆنترۆڵکرد.
ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەڵێت: هێزەکانیان دەستیان بەسەر بارەگای پۆلیس لە حەلەب و بینای پارێزگا و کۆشکی شارەوانی و گۆڕەپانی سەرەکی ناوەڕاستی شار و 14 گەڕەکی نیشتەجێبوون لە ڕۆژئاوا و باشوور و ناوەڕاستی شارەکە گرتووە.
ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت ڕایگەیاند، "لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا حەلەب لە ڕووی سەربازی و ئەمنی پارێزراو دەبێت و دواتر شارەکە بەتەواوی لەدەست ڕژێمی سووریا و بەشار ئەسەد ئازاد دەکرێت".
لەلایەکی ترەوە، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، فەرهاد شامی دوێنێ هەینی لە لێدوانێکیدا لەگەڵ کەناڵی ڕووناهی گوتوویەتی: بەچڕی چاودێری دۆخی حەلەب دەکەین، ئەم هێرشانە و توندوتیژیەی حەلەب لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت.
فەرهاد شامی لەبارەی هەڵوێستی هەسەدە لەو توندوتیژیانە وتی: ئەرکی ئێمە پاراستنی گەل و خاکەکەمانە و لەکاتی پێویستدا هەڵوێستمان دەبێت و وەڵام دەدەینەوە.
لەسەر ئەم ڕووداوانە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: پاراستنی سەقامگیری لە ئیدلب و ناوچە سنوورەکانمان، وەک ئەولەویەتێک بۆ تورکیا دەمێنێتەوە.
دواجار ئەمڕۆ شەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2024، روانگەی سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکرایکرد، کە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا (ئەحرار ئەلشام - جولانی) کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت زیاتر لەنیوەى حەلەبى گرتووە و سوپای سووریا لە تەواوی شارەکە کشاوەتەوە.
