هەسەدە: فڕۆكه‌کانی تورکیا ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە ناڕەزایەتی بەرامبەری له بەنداوی تیشرین لە باشوری مەنبەج دەردەبڕن
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) ڕایگه‌یاند، فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی تورکیا ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە ناڕەزایەتی بەرامبەر توركیا له بەنداوی تیشرین لە باشوری مەنبەج دەردەبڕن و داوای کۆتاییهێنان بە هێرشەکان ده‌كه‌ن و تائێستا شه‌ش هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه و دەیان کەسی دیكه‌ش برینداربون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه، "بۆ دووەم ڕۆژ لەسەریەک فڕۆکە سەربازییەکانی تورکیا و فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی تورکیا ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە ناڕەزایەتی بەرامبەر توركیا له بەنداوی تیشرین لە باشوری مەنبەج دەردەبڕن و داوای کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی تورکیا و کوتلە بەکرێگیراوەکانی دەکەن بۆ سەر بەنداوەکە".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، تا ئێستا شەش هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون و دەیان کەسی دیكه‌ش برینداربون لە تاوانێکی نێودەوڵەتی ڕون، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجامدرا.
هه‌سه‌ده باسی له‌وه‌شكردوه، "لە کاتێکدا ئەو هێرشە تاوانکاری و بەربەرییە سه‌ركۆنه دەکەین، دەوڵەتی تورکیا و سەرۆکەکەی ئەردۆگان بە بەرپرسیار دەزانین لە هەر کاردانەوەیەکی جددی و کارەساتبار کە کاریگەری لەسەر پێکهاتەی بەنداوەکە هەبێت لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان، کە بوەهۆی زیانێکی زۆر بە بەنداوەکە".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "توركیا هه‌روه‌ها بە تەواوی بەرپرسیاری دەزانین لەو تاوانە جەنگییانەی کە بەردەوامە لە دژی گەلەکەمان لە ناوچەی به‌نداوی تشرین و ناوچەکانی دیکە".
هه‌سه‌ده ده‌ڵێت، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ده‌كات کە دۆخی بێدەنگی بشکێنێت سەبارەت بەو تاوانانەی تورکیا کە ماوەیەکی زۆرە دژی گەلەکەمان ئەنجامی دەدات، بەتایبەتی کۆمەڵکوژییەکانی ئەم دواییەی بەنداوی تشرین.
