هەسەدە کۆمەڵێک ناوچە و گەڕەکی شاری حەلەبی کۆنترۆڵکرد
هێزەکانی سەربە هەسەدە لەدوای کشانەوەی سوپای سووریا و فیرقەی چوارەم لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب لە باکووری سووریا و خاڵەکانی پشکنینی نێوان شەهبا و حەلەب و خاڵەکانی پشکنینی گەڕەکی ئەشرەفیەی گرتە دەست، لەئێستادا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەو ناوچانە بڵاوەیان پێکراوە دوای کشانەوەی سوپای سووریا.
هێزەکانی سووریای دیموکرات دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕژێمی سووریا بەرەو مەسکەنا لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب بەرەو شارۆچکەکانی تەل حلفر و تەل عەرن و تەل حاسیل و گوندەکانی دیکەی شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب پێشڕەوییان کرد و ئەو ناوچانەیان گرتە دەست.
لەلایەکی ترەوە، هێزەکانی تورکیا فەرمانیان بە سەرکردایەتی گرووپە چەکدارەکانیان داوە لە سووریا کە هێزی سەربازی و پاڵپشتی لۆجستی بنێرن کە بریتین لە چەکی قورس و زرێپۆش و ئۆتۆمبێل و رەشاشی قورس و سەدان سەرباز بۆ حەلەب، لایەنەکانی سەربە تورکیا تانکی سەربازییان لە ناوچەی کەلەسەوە بەرەو خاڵەکانی تەل رەفعت گواستەوە
زانیاری زیاتر...
ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووریا هێرشی کردەسەر شارەکانی حەلەب و ئیدلب لەباکووری سووریا و دەستیان بەسەر کۆلێژی سەربازی و کۆلێژی تۆپخانە لە گەڕەکی زەهرا لە شاری حەلەب گرتووە، پاش ئەوەی دەستیان بەسەر تەواوی گوندەکانی ڕۆژئاوای شاری حەلەبدا لە باکووری سووریا گرت و هەروەها دەستیان بەسەر شاری سەراقب دا گرت کە لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگە لە دوای شەڕێکی سەخت لەگەڵ هێزەکانی ڕژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانیان، دواجار ئەمڕۆ شەممە زۆرینەی شاری حەلەبی کۆنترۆڵکرد.
ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەڵێت: هێزەکانیان دەستیان بەسەر بارەگای پۆلیس لە حەلەب و بینای پارێزگا و کۆشکی شارەوانی و گۆڕەپانی سەرەکی ناوەڕاستی شار و 14 گەڕەکی نیشتەجێبوون لە ڕۆژئاوا و باشوور و ناوەڕاستی شارەکە گرتووە.
ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕایگەیاند، "لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا حەلەب لە ڕووی سەربازی و ئەمنی پارێزراو دەبێت و دواتر شارەکە بەتەواوی لەدەست ڕژێمی سووریا و بەشار ئەسەد ئازاد دەکرێت".
لەلایەکی ترەوە، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، فەرهاد شامی دوێنێ هەینی لە لێدوانێکیدا لەگەڵ کەناڵی ڕووناهی گوتوویەتی: بەچڕی چاودێری دۆخی حەلەب دەکەین، ئەم هێرشانە و توندوتیژیەی حەلەب لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت.
فەرهاد شامی لەبارەی هەڵوێستی هەسەدە لەو توندوتیژیانە وتی: ئەرکی ئێمە پاراستنی گەل و خاکەکەمانە و لەکاتی پێویستدا هەڵوێستمان دەبێت و وەڵام دەدەینەوە.
لەسەر ئەم ڕووداوانە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: پاراستنی سەقامگیری لە ئیدلب و ناوچە سنوورەکانمان، وەک ئەولەویەتێک بۆ تورکیا دەمێنێتەوە.
دواجار ئەمڕۆ شەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2024، روانگەی سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکرایکرد، کە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا (ئەحرار ئەلشام - جولانی) کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت زیاتر لەنیوەى حەلەبى گرتووە و سوپای سووریا لە تەواوی شارەکە کشاوەتەوە.
