هەفتەی داهاتو وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت بۆ توێژینەوە لەسەر هۆکاری زیادکردنی خەرجی بەکاربردن
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتو وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان دەکەن بۆ توێژینەوە لەسەر هۆکاری زیادکردنی خەرجی بەکاربردن، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆشیان بەراوردی بودجەی 2024 بە 2023 خرا.
عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، کار بۆ شیکردنەوەی داتای خشتەکانی بودجە دەکەن و تاوتوێی وردەکارییەکانی دەکەن، ئەوەش لە پێناو ئەوەی بە شێوەیەکی نمونەیی و لە وادەیەکی باشدا ئامادەبکرێت، جگەلەوانەش کار دەکەن بۆ ئەوەی رێرەوێکی دارایی دروست دابڕژرێت بە شێوەیەک بە دڵی هەموان بێت.
عەتوان عەتوانی ئاماژەی بەوەشکردوە، لە دوایین کۆبونەوەی لیژنەی دارایی لەبارەی بودجە، بەراوردی ژمارەی خشتەکانی بودجەی 2024 بە 2023 کرا، گرنگە خەرجییەکان فراوانبکرێن بۆ ئەوەی کێشە داراییەکانی حکومەت روپۆش بکرێت.
ئەوەشی خستەڕو، لیژنەی دارایی بانگهێشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەکات لە هەفتەی داهاتو، بۆ توێژینەوە لەسەر هۆکاری زیادکردنی خەرجیی بەکاربردن و دۆسیەی پارەدارکردن، لە دوای ئەوەیش عەلی تەمیم وەزیری پلاندانانی عێراق بانگهێشت دەکرێت.
