هەولێر.. بەهۆی سەرپێچیی ژینگەیی پاڵاوگەکان 85 پاڵاوگە داخراون
ئەمڕۆ چوارشەممە، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی سەرپێچیی ژینگەیی پاڵاوگەکان، 43 کەس دەستگیرکراون و 85 پاڵاوگە داخراون.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاندوە: بەهۆی سەرپێچییەکانی پاڵاوگەکان، لە ناوەندی پارێزگای هەولێر 43 کەس بەبڕیاری دادگا دەستگیرکراون 85 پاڵاوگە داخراون.
وتیشی: سەبارەت بە پاڵاوگەکانی سنوری قەزای قوشتەپە 6 پاڵاوگە هەڵگیراون، پاڵاوگەیەک داخراوە و 15 پاڵاوگە دوای داخستنیان، لەلایەن لیژنەی ژینگەی هەولێر و پارێزگای هەولێر کراونەتەوە، کە بەپێی رێنمایی ژینگەی هەولێر کار دەکەن.
ڕاشیگەیاند، لە درێژەی ڕێکارەکان، دو خاوەن پاڵاوگە دراونەتە دادگا و خاوەن پاڵاوگەیەک دەستگیر کراوە و ڕێکارەکانیش بەردەوامن.
فەرمانگەی میدیاو زانیاریی سەربە حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە "گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژ بە سەرپێچیکارانی لە پاڵاوگەکان پەیوەستە بە بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەر پاڵاوگەیەک پابەندیی ڕێنماییە ژینگەییەکان نەبێت، دابخرێت و خاوەنەکانیشیان دەستگیر بکرێن."
