هەولێر... پزیشکانی نیشتەجێی خولاو بایکۆتی دەوامیان راگەیاند
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە شاری هەولێر ، ئەوانەی ساڵی یەکەم و دووەمی خزمەتیانە ، بەهۆی بەرزنەکردنەوەی پلەکانیان و دانەمەزراندنی پزیشکانی تازەدەرچوو، بایکۆتی دەوامیان راگەیاند.
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی دانەمەزراندنی دەرچووانی بەشی پزیشکی گشتییەوە، شەش مانگە لە دەرەوەی ناونیشان و ئەرکی پزیشکیی خۆیان خزمەتدەکەن و لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە ماوەی رابردوودا هەموو رێگەیەکی مەدەنی و یاساییان بۆ داواکردنی مافەکانیان گرتووەتەبەر، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان هیچ پلانێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان نییە و بە پێچەوانەوە ناچاری کردوون دەوامی سێ خولی پزیشکان بخەنە ئەستۆی خۆیان.
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو رایانگەیاندووە، لە سبەینێوە بایکۆتی دەوام دەکەن تا سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت، داواکارییەکانیشیان بریتین لە، وەستاندنی سیستمی نوێی شیفتکردن بۆ پلەبەندی و دیاریکردنی کاتێک بۆ دامەزراندنی پزیشکانی تازەدەرچوو.
