هەژدە کەس گیانیان لەدەستدا بەهۆی بۆردوومانی پایتەختی لوبنان
ئەمڕۆ هەینی (11ـی تشرینی یەکەمی 2024)، وەزارەتی تەندروستی وڵاتی لوبنان لە ڕاگەیندراوێکدا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی دوو هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت-ی پایتەختی وڵاتەکە، هەژدە کەس گیانیان لەدەستدا و 92 کەس برینداربوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی لوبنان هاتووەش، برینی بەشێک لە بریندارەکان سەختە و هەموویان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری پێویست وەردەگرن.
نزیکەی مانگێکە، ئیسرائیل و حیزبولڵای لوبنان لە پێکدادانی بەردەوام دان، بەوهۆیەوە ئیسرائیل دەیان پێگەی حیزبەکە لەناو لوبنان کردە ئامانج کە بووە هۆی کوژرانی سەدان ئەندامی حیزبولڵا، هەروەها سەرکردە باڵاکانی ئەو حیزبە، لەوانە؛ حەسەن نەسرولڵا ئەمینداری گشتی حیزبولڵای لوبنان و جێگرەوەی و دەیان سەرکردەی سەربازی ئەو حیزبە و ئەو جەنگە بووە هۆی کوژرانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی لوبنان لەگەڵ ئاورەبوونی دەیان هەزاریان.
