هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر کۆریای باشوور یاریدەکات
شەممە عێراق بەرامبەر کۆریای باشوور یاریدەکات و کاساسیش تاقیکردنەوە بە سەرجەم یاریزانەکان دەکات.
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، هەڵبژاردەی عێراق لە یاریەکی دۆستانەدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور ببێتەوە وەک ئامادەکاریەک بۆ یارییەکانی جامی ئاسیا کە لەم مانگەدا دەستپێدەکات.
دەستەی کارگێڕی هەڵبژاردەی عێراق ئاشكرایکرد، یاریەکە لە یاریگای زانکۆی نیویۆرک لە شاری ئەبوزەبی لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت بە بێ ئامادەبوونی هاندەران کە ئەوە لەسەر داوای هەڵبژاردەی کۆریای باشوور بووە.
خیسۆس کاساسی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق ئامانجی ئەوەیە لەو یاریەدا تاقیکردنەوە بەسەرجەم یاریزانەکان بکات تا بە تەواوی ئاستیان بزانێت چۆنە و پێکهاتەی سەرەکی بۆ جامی ئاسیا یەکلابکاتەوە.
شاندی هەڵبژاردەی عێراق ئێستا لە وڵاتی ئیماراتن و مەشق و راهێنانەکان ئەنجامدەدەن، هەریەکە لە عەدنان دەرجالی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێ و عەقیل موفتین سەرۆکی لیژنەی ئۆلۆمپی لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەکەدان.
دەرجال داوای لەیاریزانەکان کردووە بە باشترین ئاستەوە دەربکەون لەپێناو بەرزکردنەوەی ناوی عێراق لە کیشوەری ئاسیادا و دڵنیاییداوە کە شێرەکانی رافیدەین دەبێتە ئەسپی رەشی پاڵەوانێتییەکە.
