وتەبێژی حکومەتی عێراق:گرنگترین ئەو دۆسیانەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا باسدەکرێن دۆسیەی ئەمنیی پەیوەست بە پەکەکەیە
وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەم سەردانەی ئەردۆگان یەکەم سەردانیەتی بۆ بەغدا لە دوای ساڵی 2011ەوە، گرنگترین ئەو دۆسیانەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا باسدەکرێن دۆسیەی ئەمنیی پەیوەست بە پەکەکەیە کە پێشتر ئامادەکاری بۆ کراوە و لیژنە ئەمنییەکانی عێراق و تورکیا بەبەردەوامی کاری لەسەر دەکەن.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئەم سەردانەی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا، یەکەم سەردانیەتی بۆ عێراق لە دوای 13 ساڵ، کۆتا جار کە سەردانی بەغدای کردوە لە ساڵی 2011بوە، گرنگی ئەم سەردانەش دەگەرێتەوە بۆ ئەو دۆسیانەی توێژینەوەی لەسەر دەکرێت و پێشوەختە ئامادەکاری بۆ کراوە.
باسم عەوادی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی رابردو، تیم و لیژنە هاوبەشەکان کاریان بۆ ئامادەکاری سەردانەکەی ئەردۆگان کردوە کە تێیدا باس لە دۆسیەکانی ئاسایش، ئاو، کشتوکاڵی ناوخۆ، ئابوری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن.
ئەوەشی خستەڕو، سەردانەکەی ئەردۆگان خاڵێکی گرنگ دەبێت لە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا، هەروەها دەبێتە سەرەتایەک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان نێوانیان، دو رێککەوتننامە لە نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری تورکیا واژۆ دەکرێن، هەروەها 20 یاداشتنامەی دیکەش لە نێوان دامەزراوە تورکی و عێراقییەکان لە بواری جیاوازدا واژۆ دەکرێن.
وتەبێژی حکومەتی عێراقی باسی لەوەشکرد، یەکێک لەو دۆسیانەی لە نێوان ئەردۆگان و سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆی لەسەر دەکرێت دۆسیەی ئەمنی پەیوەست بە پەکەکەیە، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری پێشوەختە کراوە و لیژنە ئەمنییە هاوبەشەکانی عێراق و تورکیا بە بەردەوامی کاری لەسەر دەکەن.
